کوڕی زەریا

کوڕی زەریا

sherkoبۆ صەمەدی بیهرەنگی
لەشەوێکدا کە تەم و مژ
وەک دەم وچاوی ((ڕزاشا))
لەتاراندا گرژ و مۆن بوو
ئەو (( خۆر و شێر و شمشێرە))ی
بە ئاڵاوە لکێنراون
بێزار بوون و بە پێ دزکێ
پشتیان بۆ یەکتر ی دانا و
هاتنە خوارێ .
شمشیرەکە خۆی هەڵدا بۆ ناو مشتی خۆر
خۆریش سواری کۆڵی شێر بوو
کەوتنە ڕێگا
لە شەقام و مەیدان و کۆڵانی ساردا
ئەگڕان بۆ ناو نیشانێ
ـ بۆ کوێ ئەچن ؟!
دەنگە کە وەک هاژە وا بوو
خۆر ئیستێکی کردوو وتی :
ـ تۆ کێ ی ؟!
ـ کوری ڕووبار و زریانم
منم ((صەمەدی بیهرنگی ))
خۆر ناسیوە
بۆی پێکەنی
هەردوو دەستی بۆ درێژکرد
ـ ئەمە تیشکێکی خنکاومە و
لە زەریاوە هاتۆتەوە
شمشێرەکە بە دەنگێکی
تیژ و باریک هەڵیدایە:
ـ ویستیان تۆ بەمن بکوژن !
بمکردایە بەرگیان لە زێر بۆ ئەکردم
بەڵام نەمکرد ..
چونکە ئەمزانی ڕۆژێ دێ
ئەمکەیت بەناوونیشان و
تابلۆ بۆ کورتە چیڕۆکێ .
پیرە شێری دڕ نەڕاندی:
ـ تاکوو ئەمڕۆش ئەو چیڕۆکەی
ناوی منی تیا هێناوە
پۆلیسەکان لێ ی ئەترسن
چونکە کە دەستی ئەدەنێ
چیڕۆکەکە هەڵمەت ئەباو ،
بەسەریاندا ئەنەرێنێ
صەمەد مات بوو
بە دەنگێکی ئێجگار هێدی
دواو وتی :
ـ بۆ کوێ ئەچن ؟!
وا ئەزانن سەر دەمی سەگی پۆلیسی
بۆنی خۆرو شێر وشمشێر وناو ناکات ؟!
بۆ کوێ ئەچن؟!
کە خۆر گڕی چاوانی خۆی
هاویشتە ناو دوو گلێنەی
چاوەکانی صەمەدەوە
ئەوسا وتی :
ـ لەبەر ئەوەی چاوی وشەت
لەچاوانی
منداڵە لانەوازەکان ناتروکێنێ
لەبەر ئەوەی هەورە بروسکەت هاویشتە
دڵیانەوە وهەتا ئێستەش
لە ناویانا دێیت و دەچیت !
بۆ سوار نابی لە گەڵماندا و
من بخەیتە گیانێکەوە بمباتەوە
بۆ ئاسمانێ
خۆری تیا زیندانی نەکرێ !
شنشێر سەری گوڵ و باخچە نەپەرێنێ !
شێر ئاسکە بێکەسەکان نەترسێنێ !
صەمەد سوار بوو
لە پاشکۆی خۆرەوە سوار بوو
بردنی و هەر
بردنی تا گەیاندنیە :
ئەو گوندانەی شانی ساڵیان
داداوەتە سەر قەراغی
مەرگی دەغل وکێڵگە کانیان
ئەو شارانەی قفڵ لە قورگیان درواوە
ئەو گەڕەکانەی دەرامەت لە ناویان ندا
تووتکەکانی „شابانوی“ ی شۆخ
بەلایاندا تێ بپەرن
لوتیان ئەگرن
ئەو.. ئەو..ئەو..ئەو!
صەمەد ماندوو ئارەقی ناو چاوانی
بەگوڵ ئەستێرەیەک سڕی و ئینجا وتی:
ـ ئەمێننەوە؟!
یان ئەچنەوە بۆ ناو ئاڵا ؟!
ئەوەی دیتان هەورەکانی
ناو دڵ و سەری ئێرانە
یەکەم جار خۆر
وتی :
ـ تۆ خۆت لە هەر کوێم دائەنێ ی
دام بنێ یان ،
ئەمەیتە دەستی هەر کەسێ
صەمەد خۆری هەڵگرت وبردی تاکوو دای
بەنووسەرێ
کە داستانی تیربارانی
وڵاتی خوێن و هەتاوی ئەنووسێوە و
برسیشی بوو
نووسەرکەش خۆرەکەی خستە دڵێوە و
دڵیشی دا بە هەژاران !
* * *
کە صەمەد هاتەوە
ڕوانی شێر تووڕەیە
شێر وتی :
هەر شوێنی مەترسی ی
لێ ئەکرێ لەوێ بم
بێ سوارم بە بێ سوار ڕام مەگرە .
صەمەد ڕۆی ..هاتەوە
سوارێکی لەگەڵ بوو
کەڵگەت ،مەچەک پڕ، سنگ تووکن
سوارەکە راستەوخۆ چووە سە
کۆڵی شێر
(سەرەتا بەمناسی سور کێ یە
نەمدینوو برینی
هێندم بیست کە ڕۆشتن
شێرەکە پێ ی ئەوت : „موعینی“ )
هەر شمشێر مایەوە بێ ئارام
بەدەنگە تیژەکەی خۆی وتی :
ـ من دیاریم بۆ کام پیاو ؟!
چ دەستێ ئەمگرێ ؟!
ـ دەستی من !
منداڵێک ئەمەی وت هەشت نۆ ساڵ
ـ لەکوێوە تۆ هاتووی لە کوێوە؟!
ـ لە دنیای چیڕۆکی
صەمەدی بیهرەنگی و
ناو چاوی ئەوەوە
من هاتووم!
ـ ئەی ناوت ؟!
ئەی تۆ کێ ی ؟!
ـ خسرەوم !!
بیهرنگی ماچی کرد
شمشیر خۆی هاویشتە
ناو مشتی بچوکۆلەی خسرەو و
پێکەوە چوونە ناو دەڕبەنوو
ئەشکەوتی کێوەکان .
بەتەنیا بیهرنگی مایەوە
کە زرەیان بانگی کرد
لەسەر خۆ پێ ی هەڵگرت
بیهرنگی چوەوە ناو ئاو و
لە ئاو دا
کازیوەی بەیانی
ئێرانی بەدی کرد .

تشرینی یەکەمی ١٩٧٩
دیوانی شێرکۆ بێکەس بەرگی سێیەم ١٩٩٥
م ش ن رەباتی ٢٣،٠٣،٢٠١٤ سەنگاو

تێبینی : سپاسی مامۆستا ش ن دەکەین
کەئەم چیڕۆکەی خەڵات کردوە بۆ سایتی
وسوەکەل هەواڵ نێر ، وە ئێمەش وێنەی
شاعیری هەمیشە زیندو مان لەگەڵ دانا
هیوامان وایە بە دڵی بێ وسوەلەل هەواڵ نێر .

 

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

Deine E-Mail-Adresse wird nicht veröffentlicht. Erforderliche Felder sind mit * markiert